۱۳۹۳ آبان ۱۷, شنبه

پەیامی پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان
بە بۆنەی کۆچی دوایی پێشمەرگەی ماندوویی نەناس و تێکۆشەری بە ئەزموون ڕەسووڵ لیلانەیی


ئەمڕۆ خەبەری دڵهەژێنی پێشمەرگەی قارەمان و تێکۆشەری بە ئەزموون کاکە رەسووڵ لیلانەییمان پێگەیشت. ئەم هەواڵە بووە مایەی غەم و پەژارەی پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە گشتی، بە تایبەت ئەو ڕۆڵە نیشتمانپارێزانە کە هاوینی ڕابردوو لە نزیکەوە  و شانبەشانی ئەو مرۆڤە خەباتکارە و هاوڕێیانی پێشمەرگەی، ئەرکە نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەکانیان لە ناوچەی سەردەشت بەڕێوە برد . تێکۆشەرانی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەساڵانێکی زۆر شانازیی هاوسەنگەری وهاوکاری لە گەڵ  ئەو خەباتکارە ناسراو و  لێهاتووەیان  هەیە، هیچ کات هێمنی، ورەبەرزی و بڕواپتەویی ڕەسووڵ لیلانەیی لە بیر نابەنەوە و لە خەبات و تێکۆشانی لەمەودوای خۆیان دا، ئەو کەسایەتییە شۆڕشگێڕە دەکەن بە سەرمەشقی خۆیان.
لە قووڵایی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی رەسووڵ لیلانەیی شۆڕشگێڕ و هاوسەنگەرانی پێشمەرگەی و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەین. نەتەوەکەشمان لە ڕۆژهە‌ڵاتی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ناهێڵین مەشخەڵ و ئاڵای دەستی شەهیدان و نەمرانی وەک هەژار قاسمی وڕەسووڵ لیلانەیی بکەوێتە سەر ئەرز و یادی  ئەوان بە چالاکییەکانمان بەرز و زیندوو رادەگرین. هەر لەو کاتەش دا هەموو لاوە بە هەڵوێستەکانی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ پەیوەستبوون بە پارێزەرانی ڕۆژهەلاتی کوردستان بۆ ئەوەی درێژەدەر و تەواوکەری ئەرکە شۆڕشگێڕانەکانی ڕەسووڵ لیلانەییەکان، هەژار قاسمییەکان، محەممەد نەدیمییەکان، هەمزە سارتکەییان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەلاتی نیشتمانەکەمان بین.
 بەردەوامی بۆ ڕێگای پڕشانازیی ڕەسووڵ لیلانەیی و بەرقەرار بێ ئامانجی رزگاریی کورد و کوردستان.
وتەبێژێک بە ناوی پاریزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە
١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٤ی کوردی
٨ /١١/٢٧١٤ی زایینی