۱۳۹۳ مهر ۲۰, یکشنبه

پەیامی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رێورەسمی یادی شەهید هەژار قاسمی

ئاماژە:   ڕۆژی ١٩ی رەزبەر ئاگادار بووینەوە کە یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەلاتی کوردستان ڕێورەسمێکی بە بەشداریی سەدان لاو و تازەلاوی دیموکرات و بنەماڵەکانیان بۆڕێز گرتن لە یادی پێشمەرگەی شەهید، هەژار قاسمیی پێک هێناوە. پاریزەرانی رۆژهەلاتی کوردستان ئەم پەیامە یان بۆ ئەو ڕێورەسمە نارد:

ئاگادار بووینەوە کە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان، رێورەسمێکی تایبەتی بۆ رێزگرتن لە هەژار قاسمی نوێترین شەهیدی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێناوە.
رێگامان بدەن لە نیوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، لەو سەر زەوی و نیشتمانەوە کە درێژەدەرانی رێگا و هاوسەنگەرانی شەهید هەژار قاسمی خەبات و تێکۆشانی تێدا دەکەن، گەرمترین سڵاو و دەستخۆشی بۆ ئێوە بنێرین.
بۆ ئێمە پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان، جێگای سەربەرزی و شانازییە کە لە گەڵ رۆڵەی پێشمەرگە و تێکۆشەری بەتوانای وەک هەژار قاسمی، لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵات و لەباوەشی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا، بۆ ماوەیەک هاو ئەرک و هاوسەنگەر بووین.
رێزگرتنی ئیوە لاوانی دێموکرات لە هەژاری قاسمی، پێشمەرگەی شەهید، مانایەکی بەرز و پیرۆزی هەیە. ئەم رێزگرتنە نیشان دەدا کە لاوانی کوردستان رێگای شەهیدەکان ون ناکەن، بەتایبەتی ئەو شەهیدانەی کە لە چەشنی ڕاخوشینی ئەستێرە لە تاریکە شەودا هەرێمیک روون دەکەنەوە.
دڵنیاتان دەکەینەوە ئێمە و هەموو لاوانی بەهەڵوێست و ڕاپەڕیو لەنێوخۆی رۆژهەڵاتیش، لەسەر رێگای هەژار قاسمی و هەموو ئەو رۆڵانەی کە لەم چەند ساڵەدا شه‌هید بوون وەک: شێخ غەریبی حەسەنی، هەمزە سارتکەیی، محەممەد نەدیمی، بێهرووز ڕەزا نژاد، قادر قادری و قادر نەزمی، بەردەوام دەبین.
ئێمە کە ناوی پڕ شانازیی پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانمان لەسەرە، هەروەک لە یەک مانگی رابردوودا نیشانمان داوە، لە سەرکوت و تاوان و راوڕووتی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ و بیهەڵوێست نابین، بەڵێن دەدەین لەسەرانسەری رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگە و پاسەوانی نەتەوە و نیشتمانەکەمان بین و هەرکات پێویست بوو، بەگژ دوژمنانی سەربەرزی و ئازادیی نەتەوەکەماندا بچینەوە.
ئێمە چاوەڕوان و هیوادارین ئێوە لاوانی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پشتیوانمان بن . ئێمەش دڵنیاتان دەکەینەوە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆماندا بەتایبەتی لە هاوکاریی هێزی پێشمەرگە و بەرهەڵستبوونەوەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا درێغی ناکەین.
هەر لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین کە لەناوخۆی وڵات، بەخۆشییەوە ژمارەی ئەو لاوانەی ئامادەن بە ڕیزەکانمانەوە پەیوەست بن رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ. هەروەها دیسان بە خۆشییەوە، بە پشتیوانی و دڵگەرمیی ئێمە، خەڵک ئێستا بۆخۆیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و چیدیکە دەستدرێژی و تاوانکاری لە هێزەکانی رێژیم قەبووڵ ناکەن.
ئێمە دڵنیاین پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لە پارێزەرانی رۆژهەڵات لە ناوخۆی وڵات، ئاکامی زۆر لەوانە گرنگتری بەدواوە دەبێ.
بەڕێزان!
جارێکی دیکە، دەستخۆشی بە ئێوە دەڵێین بۆ رێزگرتنتان لە پێشمەرگەی شەهید، هەژار قاسمی.
سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهید هەژار و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەرکەوتن بۆ خەباتی نەتەوەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
مردن و سەرشۆڕی بۆ دوژمنانی رزگاریی کوردستان.
پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان
١٩ی رەزبەری ٢٧١٤ی کوردی

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر