۱۳۹۳ مهر ۸, سه‌شنبه

بۆ تازە ترین گیانبەختکردوی ڕۆژهەڵات هەژار قاسمی.
ئیبراهیم کۆنه‌پۆشی-ئۆسلۆ



گیان لەدەست دانی هەژار قاسمی بێشک بۆ هەمومان جێگای داخ و پەژارەیە. بۆیە سەرەتا لە بنەماڵەی، دۆستانی و هەمو تێکۆشەرانی دیموکرات و هاوسەنگەرانی پڕ بەدڵ سەرە خۆشی ئەکەم و لە ناخی دڵمەوە خۆم بە شەریکی خەم ئەزانم.
ئەمڕۆ ئەو هەواڵەم بیست، تەزاندمی، بۆ ئەبێ سادە ترین داواکاری ئێمە بە خوێنی گەنجان و جلی ڕەشی بنەماڵەکان واژۆ بکرێت؟ بۆ ئەبێ داری ئازادی و ڕزگاری لە وڵاتی ئێمە تینوی خوێنی لاوەکانمان بێت؟ بۆ ئەبێ فرمێسکی شیوەن و هەناسەی سارد و کزەی سووتانی جەرگەکان و لە دەست دانی ژیان، دەسە پارەی خەرمانی شۆڕشێکی ئینسانی بێت لە وڵاتە نغرۆکراوەکەی ئێمە؟ بۆ ئەبی و دەیان بۆ ئەبێی دیکە.
هەژار و هەژارەکانی دیکە، هەموان موڵک و ڕۆڵەی هەمو گەلی کورد و ئازیز و کەس و کاری هەمو ئازادیخوازێکی ڕاستەقینەن بە هەر ڕوانگەیەکەوە. هەژار نەمردوە و نامرێت، هەژار ئینسانێکە کە ژیانی کرد بە ورە و تێکۆشان و تێکۆشانی کردە مشخەڵ و لە تاریکەشەوی نەهامەتیدا دایە دەستی هاوزنجیرەکانی، دایە دەستی هاو چارەنووسەکانی، هەژار چرای ڕووناکی دەستی هەژارانی کوردستانە. لە دڵماندایە و بە زیندوویی ئەمێنێتەوە.
هەژار نەمردوە. مردو ئەوکەسانەن کە خۆیان و مافەکانیان و شۆڕشیان لە بیر کردوە، مردو ئەوکەسانەن کە هەمو قوربانی و گیانبازی هەژار و هەژارەکان بێ بایەخ ئەکەن، مردو ئەو خۆ فرۆشانەن کە ویژدان و کەرامەت و مرۆڤایەتییان بە هەندێک خۆشی و سەروەتی کاتی فرۆشت، هەژار زیندوە و هەر دڵۆپ خوێنی هەژار خاڵێکە لە سەر ئاڵای ئاواتەکانمان و ئەو ئاڵایەی کە بە خوێنی هەژار و هەزاران گیانبەختکردوی دیکە خوێنین بوە، لە سەر شانمان بەرز و شەکاوە ڕا ئەگرین.
یادی هەژار بەرز و ڕێگای پڕ لە ڕێبواری ڕاستەقینە بێت
بە هیوای هاتنە دی ئاواتەکانی هەژار و هەمو گیانبەختکردوانی ڕێبازی ئازادی.

 (له‌ فه‌یسبووکی نووسه‌ر وه‌رگیراوه‌)


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر